پەیامی کورد... چوار کۆڵبەر لە سنووری بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران
سیروان شەریفی، کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەقز، بەهمەن مەعرووفی نژاد تەمەن ١٩ ساڵ، محەممەد کەریمنژاد خەڵکی بانە و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەقز بە ناوی فەردین نازداری تەمەن ٣٣ ساڵ، لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکران.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٦ی (٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، فەردین نازداری، کۆڵبەری تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکراوە.
فەردین نازداری بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەی سەلاحەددین ئەیووبی شاری بانە گواستراوەتەوە و بارودۆخی بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
بەیانیی یەکشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، سیروان شەریفی، منداڵی کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی شاری بانە دەست و لاقی بە سەختی بریندارکراوە.
هەروەها ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی بانە بە ناوی محەممەد کەریمنژاد، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆ لاق و پشتی بریندارکراوە.
پێشتر واتە ڕۆژی شەممە ٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی بەهمەن مەعرووفی نژاد، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە گوللەی ساچمەیی پێکراوە و لاقی بە سەختی برینداربووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە